گۆرانیبێژ رۆژ كەریم بەنیازە بەشێوەیەكی هەمیشەیی لە كوردستان بمێنێتەوەو نەگەڕێتەوە ئەوروپا. ئامادەیە ببێتە شۆفێری تەكسی.
گۆرانیبێژ رۆژ كەریم كە ماوەیەكە بە سەردان گەڕاوەتەوە كوردستان، بەنیازە سەردانەكەی ئەمجارەی بكاتە هەمیشەیی “ئەوەی ئێستاكە بیری لێ دەكەمەوە دۆزینەوەی كارێكە لە كوردستان بۆ ئەوەی پێی بژیم، چونكە ئێستا ژیان لە كوردستانیش زەحمەت بووە، پێویستە كاربكەی، چونكە هونەریش وەك یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەم پێویستی بە بەخێوكردن هەیە”.
رۆژ كەریم، لەبارەی ئەو كارەی لە كوردستاندا بەدوایدا دەگەڕێ، بە(رووداو)ی راگەیاند “ئەو كارەی دەیكەم بۆ بەخێوكردنی خۆم و ماڵ و منداڵم، مەرج نییە كارێك بێت نزیكبێ لە هونەر، بەڵكو ئەگەر كاسبیەكی دیكەش بێت ئامادەم بیكەم و هیچ بەلامەوە شەرم نییە”.
رۆژ لە سوێد چەند ساڵ شوفێری تاكسی بووە، زۆر جار لە ئێوارەوە تا بەیانی تاكسی لێخوڕیوە “ لێرەش ئەگەر هیچ كارێكم دەستنەكەوت، ئامادەم ببمەوە شوفێری تاكسی و خزمەتی ئەو رێبوارنە بكەم، كە رۆژانە پێویستیان بە تاكسی دەبێت، ئەوانەی شوفێری تاكسین هەموویان وەك ئێمە مرۆڤن و خزم و خەڵكی ئەو وڵاتەی ئێمەن”. رۆژ كەریم، كە لە ساڵی 2004ەوە هیچ ئەلبوومێكی تازەی گۆرانی بڵاونەكردووەتەوە، لەبارەی بەرهەمی تازەی گوتی “چەند گۆرانییەكم بەشێوەی سینگل بەرهەمهێناوە و كلیپم كردوون، ئێستاش ئامادەكاری ئەلبوومێكی تازەم تەواوبووە، كە لە 12 گۆرانی پێكدێت، ئەگەر لەگەڵ كۆمپانیایەك رێكبكەوم، لە ئایندەیەكی نزیكدا بڵاویدەكەمەوە”.