دەشنێ موراد، كە هەندێجار بە "شاكیرای كورد"ی لە میدیاكانی بیانی و كوردی دا ناودەهێنرێ، گۆرانی لە ئاهەنگی تاتلیسەس بینگۆ لە هەولێر گوت و، ئیبراهیم تاتلیسەسی بە جوڵە و سەماكانی سەرسام كرد.
دەشنێ بەمنداڵی چووەتە هۆڵەندا و لەوێ گەورەبووە. یەكەمجار بە بەرنامەیەكی لە تەلەڤزیۆنی كوردستاندا ناسرا . لەو هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی گەڕانەوەو ژیانی ئێستای لە كوردستان و ئەلبوومی داهاتووی دەكات.
ئازادی : دەستتان بە ئەلبوومی تازە كردووە، چۆنە؟
دەشنێ: ئەلبوومی سێیەمم لەگەڵ دووەم دەستپێكردبوو، نزیكەی ساڵێكە خەریكی ئەو ئەلبوومەم، چونكە كۆكردنەوەی گۆرانی زۆر سەختە، لەبەرئەوەی زۆر دەنگۆی خەڵكم بیست لەبارەی ئەلبوومی پێشترم، بۆیە خۆم زۆر زیاتر بەو ئەلبوومەوە ماندوو كردووە. ئەو ئەلبوومە 15 تراكە ، ئەمجارە كارێكمان كردووە زۆرجیاوازە لەڕووی میوزیكەوە لە ئەلبوومەكەی پێشتر. كارەكانی لە كوردستان و توركیا و قاهیرە كراون. زۆربەی گۆرانییەكانم پۆپن. گۆرانی R.N.Bم گوتووە وەك یەكەم هونەرمەندی كورد، ئەمەش ستایلێكی زۆر باوی ئێستای جیهانە، چوار گۆرانی عەرەبیشم گوتووە. گۆرانییەكیشم بۆ دایكم و باوكم گوتووە بە پیانۆ، لەبەرامبەر ئەو شتانەی بەسەرم هاتوون، لەڕێگەی ئەو گۆرانیەوە داوایان لێدەكەم بەردەوام بن لە پشتگیری كردنم، بۆ ئەوەی منیش بتوانم بەردەوام بم . هیوادارم بتوانم پەیامەكانی خۆم پێیان بگەیێنم.
ئازادی: گۆرانیت بەسەر پێشمەرگە لەو ئەلبوومەدا گوتووە؟
دەشنێ : لە گۆرانییەكدا باس لەو پێشمەرگەیە دەكەم كە خۆشەویستەكەی جێهێشتووەو چووەتە شاخ و چەكی بەرگری لە خاك و وڵات كردووەتە شان، لەوگۆرانیەدا كچەكە داوا لە خۆشەویستەكەی دەكات بێتەوە لای و پێیدەڵێ: دڵی منیش وڵاتی تۆیە ، وەرە دڵی منیش بپارێزە وەك ئەو خاك و وڵاتەی بەرپێت.
ئازادی : سەركەوتنی هونەرمەند لە چیدا دەبینییەوە؟
دەشنێ : هەر هونەرمەندێك ئەگەر بیەوێ هونەرەكەی سەركەوێ، بەڕای من پێویستە سەیری خەم و خۆشییەكانی كۆمەڵگەكەی بكات، ئەو خۆشی و ناخۆشیانەی كۆمەڵگە لەبەرهەمەكەی رەنگبداتەوە.
ئازادی: چاوەڕوانی ئەوە دەكەی پێشوازیەكی باش لەو بەرهەمەت بكرێت؟
دەشنێ: بەڵێ، چونكە ئەلبوومی پێشترم رێكلامی بۆ نەكرا بەهۆی ئەو كۆمپانیایەی كە چاپیكرد، بەداخەوە چەند كەسانێك لەوێ نەیانهێشت بەهیچ شێوەیەك بەرهەمەكە رێكلامی بۆ بكرێ، بەڵام ئەمجارەیان هەوڵمداوە لە كۆمپانیایەكی پرۆفیشناڵ بەرهەمەكە بڵاوبكەمەوەو رێكلامی باشتریشی بۆ بكەین .
ئازادی : زمانی ئینگلیزیتان باشە ، بۆ گۆرانی بەو زمانە ناڵێن؟
دەشنێ : یەك لەو گۆرانیانەی بە ستایلی R.N.B گوتوومە بە ئینگلیزییە و خۆم تێكستێكی زۆر ناسكم بۆی نووسیوە.
ئازادی : كێ هاوكاری كردووی لەو ئەلبوومە؟
دەشنێ : لەگەڵ ئەوەی بەهۆی كەمی بودجەوە تائێستا ئەلبوومەكە تەواونەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵكەوت زاهیر لەسەر بودجەی خۆی و هەندێكی دیكەشی لە دەرگای خەڵكی داوە تا یارمەتی من بدەن بۆ تەواوكردنی ئەوئەلبوومە، رەنگە ئەو بەشەی كە ماوە vin.tv ببێتە سپۆنسەری.
ئازادی : راستە هەڵكەوت زاهیر نیوەی كەناڵی vin.tv كڕیوەتەوە؟
دەشنێ: لام سەیرە قسەی وا دەگوترێن، ئێمە لەهەر شوێنێك ببینرێین یەكسەر دەڵێن ئەمە هی ئەوانە.
ئازادی : ئەی چۆنە گۆرانییەكانی تۆ و لۆكە زۆر لە كەناڵی vin.tv دادەبەزن؟
دەشنێ : رەنگە لە رۆژێكدا هونەرمەندێك 10 جار گۆرانی لەو كەناڵە دابەزێت تاوەكو جارێك ئێمە دادەبەزین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من سوپاسی vin tv دەكەم كە گرنگی بە بەرهەمەكانی ئێمە دەدات، بەڵام كەناڵە لۆكاڵەكانیش گرنگی بە ئێمە دەدەن ، نازانم بۆ هەندێ كەناڵ هەیە بە هەندێ گۆرانبێژیان گرتووە، بۆ باسی ئەوان ناكرێت ؟ نازانم خەڵك بۆ هێندە پرسیار لەوە دەكات دەشنێ و لۆكە لەگەڵ هەڵكەوت چیانكرد؟ لەكوێن؟ بۆ وایان كرد؟ قاچیان بۆ وا دانا؟
ئازادی: ئێستا سەرقاڵی چیت؟
دەشنێ: گۆرانییەكی ئەلبوومی ( شیكا واوا)م بەناوی (كوردستان) لە رواندز كلیپ كرد. ساڵێك لەمەوپێش لەگەڵ هەڵكەوت زاهیر چووینە رواندز و لەسەر شاخێك وەستاین، شوێنەكەم زۆرپێ جوان بوو، بۆیە بڕیارماندا ئەو كلیپە لەهەمان ئەو شوێنە جوانە بكەین لە رواندز، بەشێكی دیكەشی لە ستۆدیۆیەكی هەولێر لە كۆمپانیای ستار، ئەو كلیپەم بە جلی رەنگاوڕەنگی كوردی كردووە كە لە ئاڵای كوردستان دەچێت.
ئازادی : راستە ئیبراهیم تاتلیسەس لە ئاهەنگی تاتلیسەس بینگۆ كە لە هوتێلی خانزاد كرا لە هەولێر، زۆربە تۆ سەرسام بووە؟
دەشنێ : كە من هاتمە سەر شانۆ ئیبراهیم دەستیكرد بە چەپڵە لێدان، زۆر هانی من و هونەرمەندەكانی دیكەشی دەدا، بەڵام د.روشدی سەعیدی خاوەنی كۆمپانیای عادل موتەحیدە پێیگوتم كە ئیبراهیم تاتلیسەس دوای ئەوەی لەگەڵ خێزانەكەی گەڕاوەتەوە توركیا، بە تەلەفون پێیگوتووە میدیاكانی توركیا بە گرنگییەوە باسیان لە گۆرانی و سەماكانی من كردووە و خەڵكی توركیاش پێی سەرسام بوون. ئەمە قسەی د.روشدی سەعیدە نەك خۆم. ئەوكاتیش چەند كەناڵێكی ئاسمانی توركی لەگەڵ تاتلیسەس بەشداری ئاهەنگی تاتلیسەس بینگۆیان كردبوو.
ئازادی : وەرزش دەكەی؟
دەشنێ: رۆژانە یان دوو رۆژ جارێك لە پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان لەگەڵ هونەرمەند عەبدولقادر ئەسعەد سەعاتێك وەرزشی راكردن دەكەم، ئەو وەرزشە بۆ دەنگمان، جەستەمان و تەندروستیمان زۆرباشە. كە لەو شوێنە وەرزش دەكەم ، زۆر چێژ وەردەگرم ، وا هەستدەكەم لە نێو چیاكانی سویسرام ، چونكە هەواكەی زۆر پاكە.
ئازادی : دەخوێنیەوە ؟
دەشنێ : شەوانە زۆر دەخوێنمەوە، چاویشم بەوهۆیەوە كزبووە. كتێبی هۆڵەندی دەخوێنمەوە لەبواری كۆمیدی و رۆمانسی و درامادا، زۆریش حەز لە خوێندنەوەی چیرۆكی ئەو ئافرەتانە دەكەم كە لە رۆژهەڵاتەوە لەدەست تووندوتیژی رایانكردووە. كتێبێكم لەسەر ئافرەتێكی كینیا خوێندەوە، تێیدا باس لە كولتووری ئەو وڵاتە دەكات كە هەر پیاوێك 8 ژنی هەیە و ئەو ژنە باسی ژیانی خۆی لە نێو ئەو كولتوورەدا دەكات، هاوكات كتێبێكم لەسەر ئافرەتێكی ئێراقی خوێندەوە كە ناوی (سەفیە) یە و زۆر پێی سەرسام بووم. دەمەوێ چیرۆكی ئەو ئافرەتانە بخوێنمەوە كە ژیانیان زۆربە سەختی بەڕێكردووە تا گەیشتونەتە سەركەوتن، ژیانی منیش وەك ئەوانە. من ژیانی خۆم كردە قوربانی و هاتمەوە كوردستان بۆ ئەوەی لێرە شت فێر بم و باشتر بم، خزمەتی گەلەكەم بكەم ، بەڵام زۆر زەحمەتی دەبینم و ناهەقیم لەگەڵ دەكەن. خوێندنەوەی ئەو كتێبانە هێزم پێدەدات بۆ ئەوەی رۆژێك یان دووانی دیكە بەردەوام بم ، ئەگەر رۆژێك لەڕۆژان بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی دەست پێ بكەمەوە (سەفیە) داوەتدەكەم.
ئازادی : ئەگەركلیپەكەی ئەم دوواییەی مژدینت بینیوە لە youyube رات چییە لەسەری؟
دەشنێ: هەمووكەسێك سەربەستە لەو كارانەی دەیكات، من هەرئەوەندە دەڵێم هەر كەسێك خۆی باش دەزانێ چی لەگەڵ خۆی دەگونجێ و بەخۆی خۆی دەناسێ، بۆیە كەس بۆی نییە بە كەسێكی دیكە بڵێ ئەمە كەسێكی خراپە، لە هیچ ئایینێكیش ئەمە قەبووڵ نییە، من بە مژدێن دەڵێم بەردەوام بێ لەبەرئەوەی كاری خۆیەتی و باشتر دەزانێ و سەربەستە لە كارەكانی.