كچە گۆرانیبێژی باكووری كوردستان نارین سەردار، كە بە (نارینا كوردی) ناسراوە، ساڵی 1995 لە شاری (وان)ی باكووری كوردستان لەدایكبووەو ئێستا لە شارۆچكەی بەحركەی سەر بە شاری هەولێر لەگەڵ خێزانەكەی دەژی. ئەو هەستێكی كوردانەی بەرزی هەیە و دەڵێ دوای هاتنی بۆ باشووری كوردستان ئیدی بووەتە كچی كوردستان و ناگەڕێتەوە. لەو هەڤپەیڤینەدا نارین زۆر شتی خۆی ئاشكرا دەكات :
ئازادی : بۆ پاشناوی كوردی بە ناوەكەتەوەیە؟
نارین: كوردی ناوێكی خۆشە و ئازادییە بۆ من، بۆیە (كوردی)م كردووەتە پاشناوی خۆم.
ئازادی : مانای نارین چییە؟
نارین: واتە شتێكی زۆر نازك و ناسك.
ئازادی : چۆن بوو هاتییە باشووری كوردستان؟
نارین: من لە باكوور و توركیا هەر هونەرمەند بووم، بڕیارماندا سەردانێكی كوردستانی ئازاد بكەین، كە هاتمە ئێرە هەندێ كۆنسێرتم سازكردن و دەنگم بەدڵی خەڵك بوو، بۆیە بڕیارمدا هەر لێرە بمێنمەوە. ئێستاش تەنیا بەسەردان دەگەڕێمەوە باكووری كوردستان ئەویش بۆ سەردانی خزمان. ئێستا بەخێزانەوە هاتووینەتە ئێرە و بوومەتە كچێكی كوردستان، ئیدی ناچمەوە توركیا.
ئازادی : لە باكوور و توركیا دەرفەتی پێشكەوتنی گۆرانیبێژی كورد نییە؟
نارین: ئێستا توركیا وەك جاران نییە، ئازادی تاڕادەیەك هەیە، من لەكەناڵ تەك و كەنالی ئۆرفا بە جلوبەرگی كوردی بە كوردی قسەم كردو بە كوردی گۆرانیم گوت، هیچ كێشەیەكیشم بۆ دروست نەكرا.
ئازادی : گوێگری گۆرانیانی كرمانجی سەروو لە باشووری كوردستان چۆن دەبینی؟
نارین: خەڵكێكی زۆر لێرە گوێ لە گۆرانی كرمانجی دەگرن.
ئازادی : ئەلبوومی یەكەمت بەنێوی (ئەز حەلیام) بوو، تۆ بۆ كێ حەلیاوی؟
نارین : (بەپێكەنینەوە) ئەلحەمدولیلا من بۆ كەس نەحەلیاوم، عاشقیش نیم تاوەكو بحەلێیم و بتوێمەوە. شیعری ئەو گۆرانییە مامم دایناوە كە مامۆستایە، ناشزانم مامۆستا بۆ تواوەتەوەو ئەو شیعرەی داناوە. هەرچەند ئەو گۆرانییە من گوتوومە، بەڵام مەبەستی من لەو گۆرانییە ئەوەبووە كە دوو خۆشەویست و عاشق كاتێك لەیەك جیا دەبنەوە، كچەكە بە كوڕەكەی بڵێ من بۆ تۆ تواومەتەوە وەكو بەفری سەر چیا.
ئازادی : لە فیستیڤاڵی لاوی ساڵ، تۆ گۆرانیت گوت، خەڵاتكردنی ئەو لاوانەت پێ چۆن بوو؟
نارین: كارێكی زۆر باش بوو، هیوادارم بەردەوام گەنج خەڵات بكرێن.
ئازادی : ئەلبوومی یەكەمت (ئەز حەلیام) كە هەمووی بە كرمانجی بوو چەندی فرۆشرا؟
نارین: من ئەو ئەلبوومەم لە رێگەی كۆمپانیایەك لە توركیا بڵاوكردەوە، 7 هەزار دانەی لێ چاپكرا. ئەو ئەلبوومەم تەنیا لەباكوور و توركیا بڵاوكردەوەو خەڵكێكی زۆر دەستخۆشییان لێكردم و دەیانگوت دەنگت زۆر خۆشە.
ئازادی: ئارەزووت چییە، دەتەوێ لە دوارۆژ ببیە چی؟
نارین: دەمەوێ ببمە هونەرمەندێكی گەورە، وەك عەیشە شان و شەهریبانا كوردی.
ئازادی : لەگەڵ عەزیز وەیسی گۆرانیت گوت، چۆن یەكترتان ناسی و رێككەوتن؟
نارین: كۆنسێرتێكمان هەبوو لە مێرگەسۆر، من و عەزیز وەیسی و سەعید گاباری بووین، لەوێ یەكترمان ناسی، عەزیز وەیسی پێیگوتم كە دەیەوێ كلیپێك دروست بكات و داوای لێكردم منیش بەشداری تێدا بكەم، منیش بە خۆشحاڵییەوە گوتم بەڵێ. بەو كلیپە زۆر خۆشحاڵ بووم و سوپاسی عەزیز وەیسی دەكەم.
ئازادی: دووبارەی دەكەیەوە لەگەڵ عەزیز وەیسی؟
نارین : جارێ دیار نییەو لەبەرنامەمدا نییە.
ئازادی : كەسوكارت هیچ رێگر بوون لەوەی كە ببیتە گۆرانیبێژ؟
نارین : بەپێچەوانەوە دایك و باوكم هاوكاری زۆریان كردووم، بۆیە زۆر سوپاسیان دەكەم. هەروەها مامی من كە مامۆستاشمە لەو بوارەدا زۆر هاوكاری كردووم و شیعرم بۆ دادەنێ.
ئازادی: لێرە زۆر لەگەنجان حەزیان لە گۆرانی، دراما و ستایلی توركییە، چ بەو گەنجانە دەڵێی؟
نارین: هیوادارم لەجیاتی گۆرانی و درامای توركی رووبكەنە گۆرانی و درامای كوردی، چونكە ئەگەر مرۆڤێكی كوردبێت پێویستە گوێ لە شتی كوردی بگرێ.
ئازادی: لێرە ئاڵا و ئازادی كوردستان دەبینی، هەستت چییە؟
نارین: كە یەكەمجار هاتمە هەرێمی كوردستان لە رێگە پێشمەرگەیەك وەستابوو و هاتە پێشەوەو بە كوردی گوتی باشن، بەڕاستی بەوە زۆر دڵخۆش بووم، چونكە لەباكوور هەموو سەربازەكان بە توركی قسە دەكەن.
ئازادی: لەچ تەمەنێكەوە دەستت بە گۆرانی كرد؟
نارین: لە تەمەنی 12 ساڵی، ئەوكات لە قوتابخانە گۆرانیمان دەگوت، دەیانگوت دەنگت زۆر خۆشە.
ئازادی : ئێستا دەخوێنی؟
نارین: تا پۆلی 8م خوێند، بەڵام بەردەوام نەبووم، لێرەش تا شێوەزاری سۆرانی فێردەبم زۆر زەحمەتە ئەگەرنا زۆرم پێخۆشە بەردەوام بم لە خوێندن.
ئازادی: بەرهەمی نوێت چییە؟
نارین: خەریكی ئەلبوومێكی نوێم كە لە 11 گۆرانی پێكدێ، گۆرانییەكانی خۆشەویستی و نەتەوەیین. دوای سەری ساڵ گۆرانییەكی ئەو ئەلبوومە بەنێوی (تە بۆ دلێ مە وەلێكرد) كلیپ دەكەم، ناوی ئەلبوومەكەش هەر ئەوەدەبێ.
ئازادی: قەت خۆشەویستیت كردووە؟
نارین: نەخێر، هێشتا تەمەنم بچووكە و زووە، بەڵام من عاشقم، عاشقی هونەری خۆم و كوردستانم.
ئازادی: حەزت لە چ خواردنێكە؟
نارین: لێرە زۆرم حەز لە دۆڵمە و كفتەو بریانییە ، لە توركیاش پەتاتەی سووركراو و گراوەدان.
ئازادی: دەڵێن تۆ لە خەو تێر نابی، وایە؟
نارین: (بەپێكەنینەوە) ئەرێ بە خوا، نازانم بۆ. بۆ خەو زۆر زیرەكم، ئەگەر لە قوتابخانەش ئەوەندە زیرەك بوومایە ئێستا دەبوومە شتێك. ئەگەر 24 كاژێر بنووم تێر نابم.
ئازادی: وەرزش دەكەی؟
نارین: زۆر زیرەكم لە وەرزش، لەتوركیا من لە وەرزشی ڤالیبۆل مەدالیام وەرگرت، بەڵام لێرە لەبەر كاری هونەری دەرفەتی وەرزشم نەماوە.
ئازادی : خۆشەویستترین كەسی ژیانت كێیە؟
نارین: دایك و باوكم.