ئەلبومێکی تازە لەگەڵ هەڵکەوت زاهیر بەرهەم دەهێنم
ئەلبومی سەندرێلا لە جۆری خۆی باشترین ئەلبوم بوو
من و هەڵکەوت زاهیر پەیوەندییەکی زۆر نزیک لە نێوانماندا هەیەو رەنگە لە تەلەفزیۆنە تازەکەی بەرنامەیەک پێشکێش بکەن
.
ـ خانمە هونەرمەند هانی کە خاوەنی دوو ئەلبومی
گۆرانییە بەناوەکانی “سەندرێلا، دایک”، ئێستا بەمەبەستی چەند پرۆژەیەکی
هونەری لە کوردستانە، ناوبراو لە دیمانەیەکیدا باس لە پڕۆژە تازەکانی و
چەند لایەنێکی ژیانی تایبەتی خۆی دەکات.
هانی سەبارەت بە سەرەتای
هاتنە نێو هونەرەکەی و کارەکانی ئەلبوومی دووەمی خۆی گوتی “رەنگە من
نەتوانم تەنیا بەهونەری گۆرانی گوتن رازی بم، لە پێش هەموو هونەرەکانەوە
دەستم کرد بە تێکست نووسین، دوایی ئاشنای بواری شێوەکاری بووم و وێنەم
دەکێشا، حەزێکی زۆریشم بۆ ئەدەبیات هەیە، من پێم وایە هونەرمەند ئەگەر لە
هەر بوارێکدا بێت دەبێت حەقی پێناسەی هونەرەکەی بدات لە هەموو بوارەکاندا،
ئەم تێکەڵییە وای کرد کە کۆمەڵێک شت لای من دروست بێت، دواتر بریارم دا وەک
گۆرانیبێژێک بیر لە هونەرەکانی تر نەکەمەوە، بەڵام رەنگ، هارمۆنی، وشە
ئەمانە هەمووی هاتنە نێو بواری گۆرانی گوتنمەوە”.
زیاتر
گوتی “ئەلبوومی دووەمی منیش “دایک” دووەم ئەلبومی گۆرانی منە، ئەم ئەلبومە
پڕۆژەی پێنج ساڵ لەمەو پێشی من بوو، ئاوازەکان هەمووی کاری دابەشکردنی بۆ
کرابوو، بۆیە حەزم کرد وەک ئەزمونێک ئەم ئەلبومە بڵاوبکەمەوە، لەگەڵ ئەوەش
ئەم ئەلبومە زۆر جیاواز بوو لە رووی هونەرییەوە، ئەلبومێکی گونجان و تێکەڵ
بوون لەگەڵی ئاسان نییە”.
لەبارەی جیاوازیی نێوان ئەلبومی یەکەمی و
دووەمی واتە سەندرێلا و دایک هانی گوتی “ئەلبومی یەکەمم ئەلبومێکی زۆر
سەرکەوتوو بوو، من شانازی پێوە ئەکەم، بەڵام ئەلبومی دووەم ئەلبومێک بوو بۆ
کەشێکی زۆر تایبەت دەبێ گوێ لێبگری، خەڵک ناتوانن بەئاسانی پەیوەندی رۆحی
لەگەڵ دروست بکەن، کارێکی کلاسیکی فەلسەفی بوو، وەک ئەزمونێک حەزم کرد
بڵاویکەمەوە، با کوردیش کاری لەم جۆرەی هەبێت”.
هانی باسی لە
گۆرانییەکی تازە کرد کە بەنیازە کلیپی بۆ بکات و گوتی “گۆرانییەکی تازەم
ئامادەیە کە بڵاونەکراوەتەوە، واتە لە ئەلبومی دووەمم نییە، گۆرانییەکی
سینگلەو بەناوی رۆژهەڵات، کە میلۆدی گۆرانییەکە خۆم ئامادەم کردووەو
تێکستەکەشی لە لایەن حەمید شەریفی نووسراوە، تێکستەکە باس لە حەسرەتی کچانی
کوردستانی رۆژهەڵات دەکات کە تا چەند بەحەسرەتی ئەوەن کە با بە قژیان
کەوێت و لەنێو ئەم جلە رەشە بێنە دەرەوە، باس لەوە دەکات کە کچی رۆژهەڵاتیش
مافی خۆیەتی ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی جلوبەرگ و چۆنییەتی ژیانی”.
لەگەڵ
بڵاوبوونەوەی یەکەم ئەلبومی بەناوی “سەندرێلا” لە چەند بڵاوکراوەیەکی
کوردستان بە “سەندرێلای کوردی” ناسێندرا، ئەو سەبارەت بەم نازناوە گوتی
“سەندرێلا ئەفسانەیەکی جیهانی گەورەیە، ئەفسانەیەکی جوانە، ناوێکی زۆر
جوانە بەلامەوە، بەڵام کات بریار لەوە دەدات، لەگەڵ ئەوەش کە هونەرمەند
نازناوێک وەردەگرێت لەگەڵی ئەمێنێتەوە، بەڵام من لەم کەسانەم کە حەز دەکەم
زۆرترین شت تاقی بکەمەوە، نازانم لە داهاتوو چی روو دەدات، لەبەر ئەوە
نازانم چەندێ نزیک بمەوە لەو ناوەو چەندێ دوور کەمەوە”.
ئێستا
خەریکی بەرهەم هێنانی ئەلبومێکی گۆرانی تازەیە، سەبارەت بەوە گوتی “من لە
هەموو دیمانەیەکدا باسم کردووە کە زۆر دڵخۆشم بەکاکردنم لەگەڵ هەڵکەوت
زاهیر، ئەلبومی یەکەمم دەتوانم بڵیم لە جۆری خۆی باشترین ئەلبوم بوو، بۆیە
ئێستا بەهێزێکی گەورەوە، بەجیاوازییەکی گەورەوە کار بۆ ئەلبومێکی تازە
دەکەم کە سەرجەم ئاوازەکانی هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر ئامادەی دەکات،
جیاوازییەکی زۆری دەبێت لەگەڵ ئەلبومی یەکەمم”.
سەبارەت بەپەیوەندی
نێوان خۆی و هەڵکەوت زاهیر هانی گوتی “من و هەڵکەوت زاهیر پەیوەندییەکی زۆر
نزیک لە نێوانماندا هەیە، ئەو باوەڕێکی زۆری بەتواناکانی من هەیە، زۆر گوێ
لە بۆچونەکانم ئەگرێ و چی لە هەست و رۆحی من نێزیکە ئەوەم بۆ دەکات”.
بەپێی
ستانداری جیهانی بەرنامەی سوپەر ستار هیچ موجامەلەیەک نییە، ئەویش بەهۆی
ئەوەی کە ئاگاداری باری هونەری جیهانییە، لەگەڵ ئەوەش کەسێکی موزیکی زۆر
باشە، بۆیە وەک ئەندامی لێژنە بەرنامەی کۆڕەک ستار دەستنیشانکرابوو،
بەجۆرێک لاسایی بەشداربوانی دەکردەوە کە لە گشت بەرنامەکانی سوپەر ستاری
جیهانیدا هەیە، بەڵام خەڵک لایەکی نێگەتیفی ئەم لاسایی کردنەوەی وەرگرتبوو،
بەڵام هانی گوتی “سوپەر ستار بەرنامەیەکی Show ـە، ئەگەر دووبارە بوونەوە
لە بەرنامەکەدا هەبێت ئەوە بەرنامەکە پاوەری خۆی لە دەست دەدات و باو
نابێت، سوپەرستار بەرنامەیەکە کە دەبێ راستی بڵێێت، کەسێک کە دەنگی خۆش
نەبێت پێویست ناکا مجامەلە بکرێت، دەبێ پێی بڵێی کاکە گیان تۆ هیچ شانسێکت
نییە لەو بەرنامەیە ستار بیت، بەڵام خەڵک لێرە لایەنێکی نێگەتیفی وەرگرت
بەداخەوە”.
سەبارەت بەڕۆلی هانی لە پڕۆژە تازەکەی هەڵکەوت زاهیر کە
کردنەوەی کەناڵێکی ئاسمانی هونەرییە گوتی “بەدڵناییەوە من هاوکاری ئەو
ستافەی هەڵکەوت زاهیر دەکەم، لە تەلەفزیۆنە تازەکەش چونکە لە خەیاڵماندایە
بەرنامەی سوپەر ستار بکەین ئەوا لێژنە دەبم، ئەگەر کاتیش هەبێت رەنگە
بەرنامەیەکی تایبەت پێشکێش بکەم”.
هانی ئازادییەکی تەواوی هەیە لە
پۆشینی جلوبەرگ، پێشی وایە کە دەبێ خەڵک ئازدی تەواوی هەبێت لە پۆشینی
جلوبەرگ و گوتی “ئێستا ژیان هێندە فراوانەو بوارەکانی هێندە زۆرن کاتی ئەوە
نەماوە تۆ بێیت لەسەر سینگ روتییەک یان قۆڵ روتییەک رەخنە بگریت، ئێستا
کەس باسی جلوبەرگ ناکات، هەرچەند خەڵک رەخنەی زۆر گرت لە جلەکانی من بەڵام
من دەبێ گونجانێک دروست بکەم لە نێوان جلو و تێکستی کارەکانم، بۆ نموونە
ئەو جلانەی لە ئەلبومی دووەم بەکارم هێناوە بۆ فۆتۆی سەر کەڤەرەکە هەرگیز
لەگەڵ ئەلبومی یەکەم ناگونجێ، واتە دەبێ گونجان هەبێ لە نێوان گۆرانییەکان و
ئەو جلانەی دەیانپۆشی، لەگەڵ ئەوەش زۆر حەزم لە جلی کوردییەو زۆر جار لە
ماڵەوەم بەتەنیام هەر بۆخۆم جلی کوردی دەپۆشم و لە ئاوێنە سەیری خۆم
دەکەم”.
لە کۆتاییدا وەک پەیامێک هانی گوتی “کاتی ئەوە نییە دیوار
لەبەردەم یەکتر دروست بکەین بۆ ئەوەی یەک بڕوخێنین، لە هەموو دونیادا وایە
هەر کەسێک کە بەهرەیەکی تێدابێت لەسەر دەست رایدەگرن و خزمەت دەکەن، بەڵام
بەداخەوە لە کوردستان ئەو کەسانەی رێک بۆ هونەر خۆی کار دەکەن و بەدلسۆزی
بۆی دەسوتێن کەسانیکی زۆر کەمن و بەپەنجەی دەست دەژمێردرێت، هیوادارم ئێمەش
کاتی خۆمان بەشتێک سەرف کەین کە پێشمان بخات نەک دانیشین دیوار لەبەردەم
یەکتر دروست کەین”.