گۆرانیبێژ بڵند عەبدوڵڵا كە وڵاتینامە (جنسیە)ی سوێدی هەیە ، رەخنە لە سیستمی تەندروستیی هەرێمی كوردستان دەگرێ و، دەڵێ ئەگەر لە كوردستان تووشی نەخۆشی ببێ، بۆ چارەسەری دەچێتەوە سوێد. لەبەرئەوەی پێیوایە " نەخۆشخانەكانی كوردستان ئەوەندە پیسن میكرۆب بە چاوی خۆم دەبینم تێیاندا".
بڵند عەبدوڵڵا، لە پاڵ كارە هونەرییەكانی، دەستبەرداری پسپۆڕییەكەی نەبووە كە دەرمانسازییە. ئەو لە زانكۆیەكی سوێدی ماستەری لە دەرمانسازی بە دەستهێناوە، ماوەی سێ مانگە لە كارگەی ئاوامێدیكا، كە تاكە كارگەی دروستكردنی دەرمانە لە كوردستان وەك بەرێوەبەری بەرهەم (manager product) كار دەكات.
بڵند، زۆر دڵخۆشە بە كاركردن لەو كارگەیە و دەڵێ "كاركردنم لەكوردستان زۆر پێخۆشە، بەڵام تەنیا لەگەڵ ئاوامێدیكا، چونكە پاك و خاوێنن و بە بیرێكی مۆدێرنانە كاردەكەن". ئەو چیڕۆكی كاركردنی لەگەڵ ئاوامێدیكا باسدەكات و دەڵێت بەڕێوەبەری كارگەكە كە د.بارام رەسوڵە ، پسپۆڕێكی بەنێوبانگی دەرمان دروستكردنە و لە زۆر لە كارگە گەورەكانی سوێد كاری كردووە، داوای لێكردووە سەردانی كارگەكەی بكات، ئەگەر بە دڵی بوو كاریان لەگەڵ بكات، ئەگەرنا هیچ . بڵند دەڵێت "كە هاتمەوە چەند جارێك سەردانم كردن، بینیم زۆر پاك و خاوێنن و بە ئاستێكی بەرز دەرمانەكان بەرهەمدێنن، بۆیە رازیبووم كاریان لەگەڵ بكەم".
بەڵام بڵند دەڵێ ئەو تائێستا بڕیاری نەداوە واز لە گەڕانەوەی یەكجاری بۆ سوێد بێنێ و دەڵێ "شوێنی كاركردنم گواستراوەتەوە، دەتوانم بڵێم ماڵم ئێستا لێرەیە".
" لەبەر سەیری، وێنەم لەگەڵ دەگرن "
دەگمەنن ئەو هونەرمەندە كوردانەی نێوبانگێكی هونەرییان پەیدا كردووە لە كوردستان كاری دیكە بكەن، بۆیە كاركردنی بڵند لەو كارگەیە بەلای كارمەندانی كارگەكەوە سەیربووە، وەك بڵند دەڵێ "كە پێیانگوتن ئەوە لێرە كار دەكات كرێكارەكان زۆر دڵخۆشبوون، رۆژی یەكەم دەهاتن وێنەیان لەگەڵ دەگرتم، تەنانەت ئەو كەسانەی وەك میوان سەردانی ئێرە دەكەن، پێیان سەیرە من لێرە كاردەكەم، دێن وێنەم لەگەڵ دەگرن".
بڵند عەبدوڵڵا لەساڵی 2006 ماستەری لە بواری دەرمانسازی لە وڵاتی سوید بەدەستهێناوە، ئەو بە بەراوردكردنی سیستەمی تەندروستی كوردستان و سوێد ، ئەوەی كوردستان بە "كارەسات" وەسفدەكات و دەڵێت "جیاوازی نێوان سیستەمی تەندروستی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی ئەوەندە گەورەیە، مرۆڤ لەڕووی نایێ باسی بكات، سیستەمی تەندروستی لەكوردستان كارەساتە".
ئەوەی بڵند خەمی پێدەخوات لەكوردستان، ئەوەیە لە كوردستا نەخۆش بكەوێ "نەخوازەڵڵا ئەگەر لێرە تووشی نەخۆشی ببم، مەحاڵە بچمە نەخۆشخانەكانی ئێرە، قبوڵ ناكەم نەشتەرگەری یان پشكنینم لێرە بۆ بكەن، یەكسەر دەچمەوە سوێد لەوێ چارەسەری وەردەگرم"، ئەو دەڵێت "بڕۆن سەیری نەخۆشخانەكانی كوردستان بكەن ئینجا دەزانن چ پیساییەكی لێیە".
بڵند، كە جارێك سەردانی نەخۆشخانەیەكی حكومی كردووە لە هەرێمی كوردستان دەڵێت "نازانم چۆن باسی بكەم، میكرۆب بەچاو نابینرێ بەبێ وردبین، بەڵام بڕوا بكەن هەستم دەكرد بەچاوی خۆم میكرۆب دەبینم لەسەر سەرینەكان، تەختەكان لەنێو نەخۆشخانەكە هەمووی".
بڵند پێیوایە ئەوانەی نەخۆشخانە دروستدەكەن عەقڵ بەكارناهێنن "رەنگە من وڵاتێكم بینیبێ لەڕووی تەندروستییەوە زۆر پێشكەوتوو بێ، بەڵام ئەوان لەبەرئەوەی پارەیان هەیە و عەقڵیشیان هەیە، لێرە پارە هەیە، بەڵام عەقڵ نییە، ئێستاش ئەوەی نەخۆشخانە لەكوردستان دروستدەكات، دەتوانێ لەوانەی سوێد باشتر دروستی بكات، بەڵام عەقڵ بەكارناهێنن".
ئێستا زۆربەی یاریدەدەرە پزیشكییەكان ئەوانەی لە لا كۆڵانان نۆرینگەیان داناوە، بۆ زۆربەی نەخۆشییەكان دوو دەرزی هێوركەرەوەی ئازار تێكەڵاوی یەكتر دەكەن و لە نەخۆشی دەدەن، لە نۆرینگەی دكتۆرە پسپۆرەكانیش قەرەبالغییەكی زۆر هەیە، دكتۆر هەیە یەك رۆژ لە نۆرینگەكەی 80 نەخۆش دەبینێ. بڵند زەردەخەنەیەك دەیگرێ بە نۆرینگەكانی نێو كۆڵانان و دەڵێت "خۆزگە دوو دەرزی بووایە، جاری واهەیە پێنج تا شەش دەرزی تێكەڵ دەكەن، ئەوە لەهیچ شوێنێكی دونیا نییە". ئەوەی بەلای بڵندەوە جێگەی سەسوڕمانە ئەو یاریدەدەرە پزیشكیانەیە كە بۆ هەموو نەخۆشێك دەرزی دادەنێن "هەڵامەت چ پەیوەندی بە دەرزییەوە هەیە، هەر خۆی پێویستە مرۆڤ ساڵانە هەڵامەت بگرێ، چارەسەرەكەشی ئەوەیە سێ تا چوار رۆژ پشوو بدات و زۆر ئاو بخواتەوە، بەوە چاك دەبێت نەك دەرزی و دەرمان بەكاربێنێ".
گۆرانییەكی تەحسین تەها دەڵێتەوە
بڵند عەبدوڵڵا ئاشكرایكرد كە ئێستا لە بواری هونەریدا سەرقاڵی ئامادەكردنی ئەلبوومێكی تازەیە كە لە 11 گۆرانی پێكدێ "بەشێك لە شیعری گۆرانییەكانی شیعری سەركەوت رەسوڵن، گۆرانییەكی ئینگلیزی تێدایە، سەرجەم ئاوازی گۆرانییەكانی خۆم دامناون، تەنیا یەك گۆرانی نەبێ، كە ئەویش گۆرانی تەحسین تەهایە و بە پرسی خانەوادەكەی گۆرانییەكە دەڵێمەوە". هەروەها بڵند عەبدڵڵا بە (رووداو)ی راگەیاند "vin tv ئەو بەرهەمەیان لێ كڕیومەتەوە، مانگی 3ی ئەمساڵ بڵاویدەكەنەوە". بڵند عەبدوڵڵا بە پێویستی زانی كە سوپاسی هونەرمەند هەردی سەڵاح و شاعیر سەركەوت رەسوڵ بكات، كە لەو بەرهەمە نوێیەدا زۆر هاوكارییان كردووە.
بڵند عەبدوڵڵا لەساڵی 2000 تاوەكو 2006 تەنیا دوو ئەلبوومی بڵاوكردووەتەوە ( بێریڤان) و (لێ جانێ) ، ئەو نایەوێ ساڵانە ئەلبوومێك بڵاوبكاتەوە "من تەنها كاری هونەری ناكەم، بەڵكو كاری پزیشكیش دەكەم بۆیە لەبەركاركردن ناتوانم زوو زوو سیدی دەربكەم".