دەشتی كەلهوڕی، دەنگ و رووخسارێكی نوێیە لە هونەری گۆرانی و میوزیكی كوردیدا، لە گەرمیان بە بێدەنگی لە دایكبوو، لە غەریبیش چریكەی بیسترا، لە ماوەیەكی زۆر كورتدا جەماوەرێكی زۆری بۆ خۆی راكێشا، بەتایبەتیش بە گۆرانی (دلبەرا من). دەشتی 12 ساڵ پێش ئێستا لە كەلارەوە بەرەو ئەڵمانیا بەڕێكەوت، ئەوكات تەنها شەشەمی ئامادەیی تەواو كردبوو، لە غوربەتیش نەیتوانی بخوێنێ. بەڵام لە گۆرانیدا نێوبانگی دەركرد:
ئازادی : گۆرانی (دلبەرا من) یەكەم دەركەوتنی ئێوەیە لە هونەری گۆرانی گوتندا؟
دەشتی: نەخێر، یەكەم دەركەوتنم لەو كۆنسێرتەدا بوو كە لە هۆڵەندا لەگەڵ تیپێكی سەمفۆنیایی هۆڵەندا بەشداریم كرد.
ئازادی : پێشتر هیچ باكگراوندێكی هونەریتان هەبوو؟
دەشتی: من دەمێكە خۆم ئامادە دەكەم، نەمویستووە بێ ئاگایانە بێمە ناو هونەر.
ئازادی : ئێستا لە دەرەوە جگە لە هونەر، چ كاری دیكە دەكەن؟
دەشتی: زۆربەی كاتم بۆ هونەرە، كاری دیكەش بۆ بژێوی ژیانم دەكەم.
ئازادی : چۆن خۆتان لە گۆرانی گوتندا تاقیكردەوە؟
دەشتی: زۆر هەوڵی شارەزابوونم لە مەقامە كوردییەكان دەدا، هاوكات زۆر خەریكی فێربوونی ئامێری عود و تارم. یەكەم گۆرانیم لە هۆنراوەی خۆم و ئاوازێكی فارسی تۆماركرد. ئەو بەرهەمە بە تەنیا دەنگ بڵاوبۆوە نەك ڤیدیۆ كلیپ، كەچی خەڵكانێكی زۆر، بەتایبەت هونەرمەندان، پێشوازییەكی گەرمیان لێكردو دەستخۆشیان لێكردم، ئەو كارە زۆر هانیدام كاری باشتر و جوانتر بكەم.
ئازادی : كەناڵە هونەرییەكان چۆن دەبینن؟
دەشتی: رۆژ بە رۆژ باشتر دەبن.
ئازادی : بۆ نازناوت كەلهوڕییە؟
دەشتی: من كەلهوڕیم و خەڵكی گەرمیانم، لە ئەلبوومی (دەبا بەس بێ) بە كەلهوڕی و بادینی و سۆرانی گۆرانیم گوتووە.
ئازادی : یەكەم ئەلبوومتان بڵاوبووەتەوە؟
دەشتی: بەڵێ ، (دەبا بەس بێ ) كە كارە هونەرییەكانیم لە ئێران و توركیاو ئەوروپا كردووە، زۆربەی ئاوازەكانی خۆم دامناون. ئاوازێكی مامۆستا نامدار قەرەداخییە و ئاوازێكیشی فارسییە، هۆنراوەكانیشی بەشێكی خۆم نووسیومن، ئەوانیدیكەش ئەحمەد باوەڕ، ئەحمەد محەممەد و ئەحمەد باڵەیی نووسیویانە، دابەشكردنی میوزیكەكەی كارزان قەرەداخی و شاهۆ عەندەلیب و ئالان عارف و هیلال مەتیوەو، ئازاد بەكر و ئەنەس ئیسماعیل و گرووپی میوزیكی گوندەم و ئەرسەلان كامكار بۆیان كردووم.
ئازادی : كاری نوێتان هەیە؟
دەشتی: خەریكی كلیپێكم بەم نزیكانە تەواو دەبێت، هاوكات كۆنسێرتێك لەگەڵ گرووپێكی سەمفۆنیای هۆڵەندی لە 14/3/2011 سازدەكەین، تێیدا 150 كەس وەك موزیكژەن و كۆرس بەشداردەبن، من بە 4 گۆرانی بەشداری لەو كۆنسێرتەدا دەكەم، ئەو كارەش بۆ من گەورەترە لەو كارەی ساڵی رابردوو كردم.
ئازادی : ئێستا لە كوردستان زیاتر خۆ نیشاندەدرێت یان هونەر؟
دەشتی: پێموایە، ئێستا خۆنیشاندان زیاترە لە هونەر نیشاندان.
ئازادی : كێ بەرپرسیارە لەو فەوزایەی لە هونەری كوردیدا هەیە؟
دەشتی: وەزارەتی رۆشنبیری لەهەر كارێكی باش و خراپی هونەری بەرپرسیارە.
ئازادی : بەرهەمە نوێیەكەت لە كۆپیكردن پارێزگاری كرا؟
دەشتی: بەداخەوە نەپارێزرا، لەو رۆژەی بەرهەمەكەم بڵاوبووەوە، كەوتە سەر زۆربەی ماڵپەڕەكان و زۆر بە سانایی دەتتوانی دایبەزێنی، دوای چەند رۆژێكیش لە بازاڕەكاندا بە كۆپیكراوی دەفرۆشرا.
ئازادی : دەخوێنیەوە؟
دەشتی: بەڵێ، بە تایبەت ئەو كتێبانەی تایبەتن بە هونەر.
ئازادی : چەند زمان دەزانی؟
دەشتی: كوردی، فارسی، عەرەبی و ئەڵمانی.
ئازادی : وەرزش دەكەی؟
دەشتی: بەڵێ راكردن و تێنس دەكەم.
ئازادی : هاندەری چ یانەیەك و هەڵبژاردەیەكی؟
دەشتی: هاندەری یانەی شێروانە و هەڵبژاردەی ئەڵمانیام.