اوەیەكە هێرشدەكرێتە سەر هونەرمەند خەیرۆ عەباس . لە فەیسبووكەوە بگرە تاوەكو دەگاتە یۆتووب و هەندێ ماڵپەڕی دیكە، بە دووڕوویی و ناڕاستگۆیی تاوانبار دەكرێ.
خەیرۆ عەباس، لەم چەند ساڵەی دواییدا توانی جێگەی خۆی لە دڵی ژمارەیەكی زۆری خەڵكی هەموو پارچەكانی كوردستاندا بكاتەوە و بەرهەمی باش پێشكەش بكات، سەرەڕای ئەوەی زۆرجار دەگوترێ خەیرۆ لاسایی هونەرمەند جوان حاجۆی خزمی دەكاتەوە، بەڵام ئەو دەڵێ ستایلەكەی ئەو جودایە و لاسایی كەس و ركابەری كەس ناكات.
بۆئەوەی لە نزیكەوە رەوشی ئەو بزانین، دەبێ خۆی قسە بكات و وەڵامەكان راستەوخۆ لەوەوە ببیستین، بۆ ئەو مەستەش بە تەلەفۆن ژووانمان لەگەڵ دانا و ئەو هەڤپەیڤینەمان سازكرد.
كە لە نزیكەوە دەیبنی، زیاتر خۆشتدەوێ. مرۆڤێكە نە قین و نە ئیرەیی لە دڵی ئەودا نین، ئەوەی لەنێو دڵیەتی لەسەر زمانیەتی. كەسێكی كراوەیە، هەرچییەكی بەرامبەر كەسێك هەبێ، دەیڵێ. حەز ناكات لە پاش ملە قسەی لەبارەوە بكات:
ئازادی : ئەوە چ فەرتەنە بوو، لە سووریا گوتت بەشار ئەسەد تۆی سەرۆكی ئێمەی، لە هەولێریش لە بەرامبەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی گوتت تائێستا بەكەسم نەگوتووە سەرۆك، بەڵام تۆ سەرۆكی منی؟
خەیرۆ عەباس: نەمویست دەربارەی ئەو مەسەلەیە قسە بۆ كەس بكەم، ئەوە بە تۆی دەڵێم. هەندێك كەسی خێرنەخواز و حەسوود هەن ، هەموو شتێك سەرەوژێر و چەواشە دەكەن. لە كۆنسێرتێكم لە هاوینی 2010 لە حەلەب ئەو قسەیەم كرد. من لەلایەن خوێندكارانی زانكۆی حەلەبەوە بانگهێشتكرابووم. زیاتر لە 500 كەس لەو كۆنسێرتەدا ئامادەبوون. چواردەورمان هەمووی موخابەراتی سووری بوو. پێیانگوتم سڵاو بۆ سەرۆكی سووریا بنێرە، چونكە ئێرە سووریایە مرۆڤ ناتوانێ هەموو شتێك بە ئارەزووی خۆی بكات. لە دڵی خۆمدا وام لێكدایەوە كە دەكرێ ئەو كۆنسێرتە دەرگایەكی فراوان بۆ هونەرمەندانی دیكە بكاتەوە. یەكێك لە ئامانجەكانم ئەوەبوو هونەرمەندانی دیكەش بچن لەوێ كۆنسێرت بكەن.
ئازادی : تۆ هونەرمەندی نەك سیاسەتمەدار، ئەو كەسانەی هاتبوونە كۆنسێرتەكەت بۆ دەنگی تۆ هاتبوون، بەڵام تۆ وتارێكی سیاسیتدا، بۆچی؟
خەیرۆ عەباس: راستە من سیاسی نیم، بەهیچ شێوەیەكیش نامەوێ بكەومە ناو سیاسەتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی بتوانی لە سووریا كۆنسێرت بكەی، ناچاری هەندێك شت بكەی، من ئەو شتانەم نەكرد، من سڵاوم بۆ كەس نەنارد، تەنیا چەند قسەیەكم كرد، بەڵام كاتێك ئەو قسانەم دەكرد، هەستم نەكرد كە هەڵەم كردبێ ...
ئازادی : واتە پێتوایە شتێكی راستت كرد؟
خەیرۆ عەباس: بەڵێ. گوتم ئەو ئاڵایە، تەنیا ئاڵای عەرەب نییە، ئاڵای ئێمەشە، ئەو وڵاتە تەنیا وڵاتی عەرەب نییە، بەڵكو وڵاتی كوردیشە، گوتم سەرۆكی سووریا تەنیا سەرۆكی عەرەب نییە، بەڵكو سەرۆكی ئێمەشە.. گوتم ئێمە بۆ ئەو خاكە خوێنمان رژاندووە. من شتێكی هەڵەم نەگوتووە، ئێمە خوێنمان رژاندووە، بابپرانم بۆ پاراستنی خاكی سووریا لە داگیركاری فەرەنسا، لەسێدارەدراون و دوورخراونەتەوە. من كەسێكی سیاسی نیم و سیاسەتم نەكردووە، بەڵام گوزارەم لە هەندێك شتكردووە كە پێموایە راستن. سیاسەتمەدارانی ئێمە زۆر لەوە زیاتر دەڵێن . دەخوازم ئاماژە بە شتێكی دیكەش بكەم، باوەڕ بكە تاوەكو دەچمە سووریا و لێیدەردەكەوم، سەدان كێشەم بۆ دروستدەكرێن لەلایەن ئیستیخباراتەوە. بەداخەوە هەندێك كەس ویستیان ئەو قسانە بەپێچەوانەوە بەكاربێنن و رقی دڵی خۆیان لە بەرامبەری من بڕێژن، شەڕی من بكەن و ناوم بزڕێنن.
ئازادی : میللەت ناڕەحەتبووە، چ دەڵێی؟
خەیرۆ عەباس: نەمزانی میللەت ناڕەحەت دەبێ. بەڵام ئەگەر گەلەكەم بەو قسانە ناڕەحەت كردبێ، دڵی ئەوانم ئێشاندبێ داوای لێبووردنیان لێدەكەم.
ئازادی : لە كۆنسێرتەكەی كۆنگرەی 13ی پارتیدا زۆر دڵگەرم و شڵەژاو دیاربووی، هۆی چ بوو؟
خەیرۆ عەباس: بەڵێ زۆر، جاری یەكەم بوو سەرۆك بارزانی ببینم. ئەوە خەونێكی سەردەمی منداڵی من بوو. نەمدەتوانی هەستەكانی نێو دڵی خۆم دەرببڕم. هەر قسەیەك لەوێ لە دەمی من هاتبێتەدەرەوە قسەی نێو دڵی من بووە. خەباتی بەڕێز بارزانی بۆ خزمەتكردنی كوردستان مایەی رێز لێگرتنە. نە تەنیا بۆ كوردی باشوور، ئەو بۆ هەموو كورد جێگەی سەربڵندییە.
ئازادی : هەندێك لە ماڵپەڕە كوردییەكان بەتایبەتی چەند ماڵپەڕێكی سۆرانی نووسیبوویان كە دەستی بارزانیت ماچ كردووە، راستە؟
خەیرۆ عەباس: ئای. چەند بێبەخت و خێرنەخواز هەن!. نەخێر وانەبوو. كە گۆرانیەكانم تەواوكردن لەسەر شانۆ چوومە خوارەوەو، تەوقەم لەگەڵ كرد و سەركەوتنم بۆ خواست. ئەوەم لەبەردەم چاوی هەموو خەڵك و كامێراكان كرد. مەبەست چییە دەست ماچ بكەم؟! پێمگوت تۆ سەرۆكی منی، ئێستاش دەڵێم و بە شانازیەوەش دەیڵێم.. سەرۆك بارزانی شایانی ئەوەیە پێی بڵێی سەرۆك!. هەروەها وابڵاوكرایەوە كە دوای كۆنگرە من سەرۆك بارزانی و بەڕێز نێچیرڤان بارزانیم بینیون و هەندێك داوای تایبەتیم بۆ یارمەتیدانم لێكردوون، بەڵام ئەو قسانە درۆن و دوای كۆنگرە هیچ كام لەو دوو بەڕێزەم نەبینیون.