كەویار هادی سەعید، لە دایكبوی 27/1/1999 خەڵكی ناوچەی تەوێڵەی هەورامانە و دانیشتوی شاری هەڵەبجەیە....
ئازادی: ڕۆژانە بەچییەوە سەرقاڵی؟
كەویار: خوێندكاری پۆلی شەشەمی بنەڕەتیم و سەرقاڵی فێربوونی میوزیك و گۆرانیم، بەتایبەتی ئارەزووی زۆرم هەیە بۆ ئامێری (كەمانچە).
ئازادی: ئەو گۆرانییانەی كە لە پڕۆگرامی (تۆ نمونەی) پێشكەشت دەكردن، لە هەڵبژاردنیان بڕیاری كێی لەسەربوو؟
كەویار: من خۆم ئەو گۆرانییانەم هەڵدەبژارد چونكە من زیاتر ئارەزوم بۆ گۆرانی و موزیكی سونەتی یە، بەڵام ئەگەر گۆرانی یەك لەگەڵ گروپی موزیكدا نەدەگونجا ئەوا ئەوان گۆرانییەكی تریان بۆ دەستنیشان دەكردم.
ئازادی: بۆچی لە بەرنامەكە یەك جار گۆرانی هەورامیت پێشكەش كرد؟
كەویار: من پێم باش بوو و زۆریشم حەز لێ ی بوو، بەڵام ئەو شێوازە لەگەڵ گروپی موزیكدا نەدەگونجا.
ئازادی: تا چەند پرۆگرامی (تۆ نمونەی)ت خۆشدەوێت؟
كەویار: بە دڵنییاییەوە خۆشمدەوێت، لەبەرئەوەی لەو بەرنامەیەوە ناسرام و تواناكانم دەركەوتن، (تۆ نمونەی) ئەو پرۆگرامەیە كە هەرگیز لە یادی ناكەم.
ئازادی: ئەو كاتانەی كە لیژنە نمرەی زۆری پێ دەبەخشیت هەستت چۆن بوو؟ ئەی كە نمرەكان كەم بوون؟
كەویار: ئەو كاتانەی كە 30 نمرەی تەواوم ئەهێنا، هەستم بە خۆشی و گەورەبوونی خۆم ئەكرد، تەنها یەك بەرنامە نەیبێت كە 26 م هێناوە، ئەگینا هەموو جارێك 30 نمرەم هێناوە، ئەو رۆژەشم لە یادناچێت كە دڵم تەنگ بوو.
ئازادی: دەربارەی ئارامۆ و ئەڤین چیت هەیە بۆیان؟ ئەی بۆ گروپی موزیك؟
كەویار: هەمیشە خۆشمدەوێن و بە مامۆستای خۆمیان دەزانم، هەروەها بۆچونەكانی گروپی موزیك هۆكارێك بوو بۆ بەرەوپێشچوونی من و سەركەوتنم، هەریەكەیان مامۆستایەك بوو بۆم.
ئازادی: لە بەرنامەكە چۆن وەرگیرایت؟
كەویار: زیاتر لە 60 منداڵ لە تۆ نمونەی دا هاتنە پێشەوە، من لە كۆتاییەكانیدا چووم ، مامۆستا هەڵبەست و لیژنەكە پلەی باشەیان پێ بەخشیم و وەرگیرام.
هئازادی: كەویار دەنگی كێ ی پێ خۆشە؟
كەویار: دەنگی مامۆستا مەزهەری خالقیم پێ خۆشە لەگەڵ هونەرمەندان(كانی، عەدنان كەریم و لەیلا فەریقی…) گۆرانییەكانیان لەسەر زاری منن بە بەردەوامی.
ئازادی:كە پلەكان دیاری كران و زانیت یەكەم و دووەمیت لەدەستداوە، هەستت بەچی كرد؟ خۆتت دانابوو بۆ یەكەم و دووەمی؟
كەویار: من خۆم بە یەكەم و دووەم دەزانم بەڵام دەنگی خۆم و گۆرانیییەكان و لیژنە بڕیاریان نەداوە، ئەوە تەنها بۆچونی خەڵكە لە ڕێگەی كورتە نامەوە دەنگیان داوە و زۆرترین نامەش بۆ كەسێك دەبێتە یەكەم.
ئازادی: لە بەرنامەكە كاتێك هاوڕێت (ئارژین)كشایەوە، هەستت چۆن بوو؟
كەویار:زۆرم پێناخۆش بوو، ئەو یەكێك بوو لە دەنگە خۆشەكان و نازانم بۆچی كشایەوە.
ئازادی:كە نمرەی سێیەمت بەدەستهێنا هەستت چۆن بوو؟
كەویار: هەموو كەس حەز دەكات یەكەم بێت، بەڵام من سوپاسی ئەو كەسانە دەكەم كە دەنگیان پێدام ، هۆكارێك بوون كە بگەمە ئەو پلەیە، منیش بەڵێن دەدەم هەمیشە بەردەوام بم، چونكە هەست دەكەم گوێگری خۆمم هەیە بە مانایەی كە من زیاتر 5800 دەنگ زیاترم هێناوە...............