* لە شارەكاندا هەموو شتێ ڕوو
لە زیادبوونە،سووپەرماركێت،بازاڕگای هەزار بەدووهەزار،مینی ماركێت،بازاڕگەی
هەرزان فرۆش،بەنزینخانە،مزگەوت،بەڵام سێ شت ڕوو لە ئینقیرازە،هۆڵێ شانۆو
مۆسیقاو سینەما، ئێمە خۆمان پۆشتە دەكەین،سكمان تێر دەكەین،بەڵام پەتی
ڕوحمان بەرەڵا دەكەین!
* ئەوانەی مەراقیان كۆكردنەوەی كتێبە، قەت كتێب ناخوێننەوە، ئەوانەی
مەراقیان كۆكردنەوەی زێڕو زیوە، قەت نایانكەنە قەد خۆیان! ئەوانەی هۆش
وعەقڵیان سەرما بردەی كۆكردنەوەی پارەیە،حەسرەتیان ژەمێكی چەورە، بەڵام لەم
نێوانەدا نموونەیەكی تازە هەیە، هەن بە پێ هاتوچۆ دەكەن، بە قەرز نان دەخۆن،
لە لەنگە جل دەكڕن، خانوویان بە كرێیە، كتێب لە برادەران وەدەگرن و تا
نەیخوێننەوە نایگەڕێننەوە، جگەرەی فەل وسەد دینار بایی دەكێشن،كەچی كە
سەیریان دەكەی دەڵێێ لە بەهەشتدا ڤێلایان بە ناوەوەیە!
* كە باران نابارێ، هەموو كۆسە بە بارانەو نوێژی باران بارین دەبەستن، كە
زۆر دەبارێ وجادەكان پڕ ئاو دەبن! دوعا دەكەن خوا باران ڕاگرێ و بە نیشانەی
خراپ بوونی دنیای دادەنێن! كاتێكیش گۆرانیی ئافرەتێك ڕادەگیری لە پەخش كردن،
دەڵێن فەرموون سەلەفیەت حوكمی وڵات دەكات! كاتێكیش گۆرانیەكە ئازاد دەكرێت،
دەڵێن شارەكانمان بۆتە مەلها! بۆ ڕازی كردنی هەموو لایەك بوێرترین بڕیار
ئەوەیە كە (هەم هەبێ وهەمیش نەبێ)
*- مۆسیقارێكی فەرەنسی بەبۆنەی سەفەرێكی پادشاكەی پارچە مۆسیقایەكی زۆر
حەزینی دانابوو، دەڵێن گەر گوێت لێ بگرتایە لە دەرگای ماڵ دەرنەدەچوویتە
دەرەوە، پادشاش پێی گوت: چیت بدەمێ لە جیاتی ئەم كارە مەزنە؟ ئەویش گوتی:
مەگەر سەری خۆم بدەیتێ! لێرە دەسەڵاتدارێك ناوێرێ مەرحەبای كەس بكات، چونكە
یەكسەر دەڵێ: قوربان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوومەو منداڵم وردەو خانووم
بەكرێیە، بەڵكو ئەرزەیەكم بۆ تەرتیب بكەی!
*هەنێ لێرە فەرمانبەرن، لە هەندەرانیش پەنابەرن ،لە هەردوو لاش مشەخۆری
مووچە بەرن، نەلێرە دەوام دەكەن، نە لەوێش دەژین و لە هەردوو لا ئامادەن!
هەشن پێنج مووچەیان هەیە، كەچی دەڵێن: دەسەڵات گەندەڵەو وڵات بەرەو قەیران
و وێرانی دەچێت، هەشن لە ڕوودا ئەوەندە ستایشت دەكەن، خۆت خۆت
ناناسیتەوە.كە پشتت تێیان كرد بە زمان تێت هەڵدەدەن!